ئاهەنگی دەرچووانی خولی چواردەیەمی زانکۆی نۆڵج بۆ ساڵی خوێندنی 2025–2026 بەسەرکەوتوویی ئەنجامدرا
ڕۆژی چوارشەممە 28ی ئۆکتۆبەری 2026، لە کاتژمێر 4:00ی ئێوارەدا، زانکۆی نۆڵج، ئاهەنگی دەرچووانی خولی چواردەیەمی خۆی بۆ ساڵی خوێندنی 2025–2026، لە نێو کەمپەسی زانکۆ بەڕێوەبرد.
بەئامادەبوونی بەڕێز، یەعقوب حاجی نەجم الدین، خاوەنی گرووپی یەعقوب هۆڵدینگ، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی نۆڵج، دەشتی حاجی نەجم الدین و سەرۆکی زانکۆی نۆڵج، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی، پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو، ئاهەنگی قوتابیانی دەرچووی خولی چواردەیەمینی زانکۆی نۆڵج بەڕێوەچوو.
لە ئاهەنگەکەدا، 492 قوتابی لە شەش کۆلێژی زانکۆی نۆڵج سەرکەوتووانە قۆناغی خوێندنی بەکالۆریۆسیان تێپەڕاند.
هەر لە ئاهەنگەکەدا، قوتابی زەهرا کەمال، قوتابی لە کۆلێژی زانست و بەشی شیکاریی نەخۆشییەکان، پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی هەموو زانکۆی نۆڵج بەدەستهێنا و ئۆتۆمبێلێکی بەدیاری وەرگرت.
لەگەڵ دەرچووان و خێزانەکانیان، ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی حکومی و حیزبی، کەسایەتییە ئەکادیمییەکان و میوانانی تایبەتیش بەشدارییان لە ئاهەنگەکەدا کرد.
بۆ ئەنجامدانی ئەم ئاهەنگە بە شێوەیەکی ڕێکخراو و شایستە، ئامادەکارییەکی گەورە و بەرفراوانی بۆ کرابوو، بەشێوەیەک کە کەمپەسی زانکۆ پێشوازی لە هەزاران میوان و قوتابیان و ستافی ئەکادیمی کرد، هاوکات بەڕێوەبردنی بەرنامەکانی ئاهەنگی دەرچووان سەرکەوتووانە جێبەجێکرا.
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی ئاهەنگەکەدا، ڕێبەری تایبەتی دەرچووان لەلایەن یەکەی میدیای زانکۆی نۆڵج، بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکەی تۆمار و سەرۆکایەتی زانکۆ، ئامادەکاریی بۆکرا و نووسرایەوە. ئەم ڕێبەرە وەک بەڵگەنامەیەکی تایبەت، زانیاریی پێویستی دەربارەی قوتابیانی دەرچوو، کۆلێژ و بەشەکان و بەرنامەکانی دیکەی لەخۆگرتبوو.
دیزاینی ڕێبەرەکە لەلایەن سرووشت ئیسماعیل نوری کرا، ڕۆژنامەنووس و بەرپرسی یەکەی میدیای زانکۆی نۆڵج، کاروان کەمال عوبێد، پێداچوونەوەی بۆ کرد.
ئەم ئاهەنگە جگە لەوەی بۆنەیەکی خۆش و گرنگ بوو بۆ دەرچووان و خێزانەکانیان، هەروەها دەرفەتێک بوو بۆ پیشاندانی توانای زانکۆ لە ڕێکخستنی چالاکییە گەورە ئەکادیمی و کۆمەڵایەتییەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆمەڵگە.