بەرپرسیارێتی یاسایی بەکارهێنانی ژیری دەستکرد لە گرێبەستە بازرگانیەکان
بەشی یاسا لە کۆلێژی یاسای زانکۆی نۆڵج، لە ڕێکەوتی ١٧ی ١٠ی ٢٠٢٦، وۆرکشۆپێکی زانستی گرنگ و تایبەتی لە ژێر ناونیشانی (بەرپرسیارێتی یاسایی بەکارهێنانی ژیری دەستکرد لە گرێبەستە بازرگانیەکان) ساز کرد. وۆرکشۆپەکە چەندین تەوەری هەستیار و نوێی سەبارەت بە تەکنەلۆجیا و یاسا لەخۆگرتبوو.
ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی وۆرکشۆپەکە لەلایەن مامۆستا هەڵاڵە سلێمان ئەنجام درا، و تێیدا چەندین مامۆستا و شارەزای بوارەکە بابەتەکانیان پێشکەش کرد:
تەوەرەکانی وۆرکشۆپەکە؛
تەوەری یەکەم: لەلایەن مامۆستا سازان کەمال (مامۆستا لە کۆلێژی ئەندازیاری) پێشکەش کرا تیشکی خستە سەر بەکارهێنانی ژیری دەستکرد لە بواری یاساییدا و بە درێژی باسی لە ئەپڵیکەیشنی (جودی) کرد، کە تاکە ئەپڵیکەیشنی کوردی و عەرەبییە لە بواری یاساییدا و پارێزەران و یاساناسان دەتوانن سوودی زۆری لێ وەربگرن، ناوبراو بابەتەکەی لە ڕووی کردارییەوە ڕوون کردەوە.
تەوەری دووەم:
لەلایەن مامۆستا دەریا محەمەد حەویز (مامۆستا لە زانکۆی کۆیە) پێشکەش کرا، کە تێیدا باسی لە لایەنە تاوانییەکان و بەرپرسیارێتی تاوانییەکانی بەکارهێنانی ژیری دەستکرد کرد.
تەوەری سێیەم: لەلایەن مامۆستا گوڵاڵە عەبدولڕەزاق عەباس پێشکەش کرا و تایبەت بوو بە بەرپرسیارێتی شارستانی لە خراپ بەکارهێنانی ژیری دەستکرد لە مامەڵە یاساییەکان و بەتایبەت لە گرێبەستە بازرگانیەکاندا.
تەوەری چوارەم: لەلایەن مامۆستا هەڵاڵە سلێمان پێشکەش کرا، کە تیشکی خستە سەر لایەنە سزاییەکان، ئەو یاسایانەی دەکرێت حوکمی کەسی خراپ بەکارهێنەری ژیری دەستکردی پێ بکرێت، و ئەو دەق و یاسایانەی زیانلێکەوتووان دەتوانن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان پەنای بۆ بەرن.
کۆتایی؛
لە بەشی کۆتایی وۆرکشۆپەکەدا، دەرگای گفتوگۆ کرایەوە و وەڵامی سەرنج و پرسیارەکانی ئامادەبووانی ئازیز درایەوە. پاشان، وەک ڕێزلێنانێک لەبەرامبەر ماندووبوون و پێشکەشکردنی بابەتە بەنرخەکانیان، سوپاسنامە و ڕێزلێنان بەخشرا بە سەرجەم پێشکەشکارانی وۆرکشۆپەکە.