زانکۆی نۆڵج بەشداری لە پێشانگەی زانکۆ نێودەوڵەتییەکانی لە ناوەندی گەنجان کرد
زانکۆی نۆڵج ئەمساڵ بەشدارییەکی بەرچاوی لە زۆربەی ئیڤێنت و پێشانگاکانی زانکۆ و پەیمانگاکان هەبووە، بەمەبەستی ئاشناکردنی فێرخوازانی دەرچووی پۆلی 12 تاوەکو لە بەشە جیاوازەکانی زانکۆی نۆڵج درێژە بە خوێندنەکانیان بدەن.
سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی نۆڵج، دەشتی حاجی نەجم الدین، سەردانی ناوەندی گەنجانی کرد و لە کاتی کردنەوەی ئیڤێنتی زانکۆ نێودەوڵەتییەکان ئامادەبوو.
هاوکات تیمی یەکەی تۆماری زانکۆی نۆڵج، لە ناوەندی گەنجان پێشوازیان لە فێرخوازانی دەرچووی پۆلی 12 کرد کە لە قوتابخانە جیاوازەکانی شاری هەولێر هاتبوونە ناوەندەکە.
فێرخوازان بەمەبەستی پرسیارکردن لە کۆلێژ و بەشەکانی زانکۆی نۆڵج، لە نزیکەوە چاویان بە مامۆستا، ستافی یەکەی تۆمار و ئەکادیمی زانکۆی نۆڵج کەوت و گفتوگۆیان لەبارەی داهاتووی ئەکادیمیان کرد.