بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر خولێکی ڕاهێنان دەربارەی بەڕێوەبردنی ئاوی خواردنەوە لە زانکۆی نۆڵج دەستیپێکرد | Knowledge University
ئەمڕۆ یەکشەممە، 2026/09/20، کۆلێژی ئەندازیاری بەشی ئەندازیاریی ژینگە لە زانکۆی نۆڵج، خولێکی ڕاهێنانی بۆ ئەندازیارانی بەڕێوەبردنی ئاوی خواردنەوە دەستیپێکرد کە بڕیارە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بێت.
بەڕێز ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە یەکەم ڕۆژی خولەکە ئامادەبوو، لەلایەن سەرۆکی زانکۆی نۆڵج، بەڕێز پرۆفیسۆر د. ئەحمەد دزەیی، بەگەرمی پێشوازی لێکرا و ستافی کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی نۆڵج و مامۆستایان و نوێنەرانی هەریەک لە ڕێکخراوانی یونسێف، هەسار، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی کوردستان و دەستەی ژینگە کوردستان ، بەرێوەبەرایەتی ژینگەی هەولێر ، مامۆستایانی ئەکادیمی پسپۆر بەشداریان لە کردنەوەی ئەم خولەدا کرد.
خولی ڕاهێنان بە ناونیشانی، “ڕاهێنانی بەڕێوەبردنی زیرەک و یەکگرتووی ئاوی خواردنەوە” پشت بە وەشانی چوارەمی ڕێنماییەکانی ساڵی 2026 ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) دەبەستێت.
ئەم خولە لەلایەن د. کاسرۆ کاکل و د. شارە کەمال،ەوە پێشکەش دەکرێت، ئامانجی بەرزکردنەوەی زانیاری و تواناکانی کرداری بەشداربووان بوو لە بواری بەڕێوەبردنی زیرەک و یەکگرتووی ئاوی خواردنەوە، لەگەڵ بەکارهێنانی چەمکی زیرەکی دەستکرد (AI)، هەروەها گەڕانەوە بۆ شێوازە کۆنەکانی بەڕێوەبردنی ئاوی خواردنەوە.