نوێنەرانی کۆمپانیای IKDی تورکی سەردانی زانکۆی نۆڵجیان کرد
دووشەممە، 24/8/2026، شاندێکی نوێنەرانی کۆمپانیای IKDی تورکی سەردانی سەرۆکایەتی زانکۆی نۆڵجیان کرد و لەلایەن پ.د. ئەحمەد ئەنوەر دزەیی، سەرۆکی زانکۆ، پێشوازییان لێکرا. لە دیدارەکەدا پ.ی.د. محەممەد عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆ، ئامادەبوو.
ئامانجی سەردانەکە بانگهێشتکردنی زانکۆی نۆڵج بوو بۆ بەشداریکردن لە پێشانگای ناساندنی زانکۆکانی تورکیا، کە لە هۆتێل دیڤان بەڕێوەدەچێت. پێشانگاکە ئامانجی ناساندنی زانکۆکانی تورکیا بە خوێندکاران و هاندانیان بۆ درێژەپێدانی خوێندن لەو زانکۆیانە هەیە، هەروەها دەرفەتێکە بۆ فراوانکردنی پەیوەندی و هاوکارییە ئەکادیمییەکان لەنێوان زانکۆی نۆڵج و زانکۆ بەشداربووەکاندا.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر هەڵبژاردنی ئەو زانکۆیانە کرا کە دەتوانرێت لە داهاتوودا پەیوەندی و هاوکاریی ئەکادیمی لەگەڵیان دروست بکرێت.
سەرۆکی زانکۆ سوپاسی شاندی کۆمپانیای IKDی کرد بۆ بانگهێشتنامەکە، و زانکۆی نۆڵج ڕەزامەندی خۆی دەربڕی بۆ سەردان و بەشداریکردن لە پێشانگاکە لە ڕۆژی 6/9/2026. پێشانگاکە لە کاتژمێر 10ی بەیانی دەست پێدەکات و تا کاتی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
شایەنی باسە، کۆمپانیای IKD گرنگییەکی تایبەت بە بواری پەروەردە و خوێندن و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئەکادیمییەکان لەنێوان زانکۆکان دەدات و هەوڵ بۆ دروستکردنی دەرفەتی نوێی هاوکاری لەنێوان دامەزراوە ئەکادیمییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەدات.