Citizens Between Eid Celebrations and Legal Compliance
  • 20-03-2026

Citizens Between Eid Celebrations and Legal Compliance

هاووڵاتی لە نێوان شادیی جەژن و پابەندبوون بە یاسادا
ئامادەکردنی: تریفە علي عثمان – قوتابی بەشی یاسا

ئەمساڵ هەرێمی کوردستان لەبەردەم وەرزی "جەژنی دووانە"دایە تێکەڵبوونی “جەژنی نەتەوەیی نەورۆز “و “جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز” لە کاتێکدا هەمووان سەرقاڵی ئامادەکارین، پێویستە وەک هاووڵاتییەکی هۆشیار بزانین کە:

١. مافی ئارامی و قەدەغەکردنی بێزارکردن:
یاسا مافی هەموو هاووڵاتییەکی پاراستووە کە لە ڕۆژانی جەژندا کاتێکی ئارامی هەبێت. ئەم ڕەفتارانە دەبنە هۆی لێپرسینەوەی یاسایی بەپێی ماددەی ٤٩٥ لە یاسای سزادانی عێراقی:
- ژاوەژاوی ئۆتۆمبێل: بەکارهێنانی ئامێرەکانی ئاگادارکردنەوە (هۆڕن) بە شێوەیەکی بەردەوام یان بەرزکردنەوەی دەنگی مۆسیقا لە ناو گەڕەکەکاندا، پێشێلکردنی مافی دراوسێیەتی و ئارامی گشتییە.
- یارییە ئاگرینەکان:بەکارهێنانی تەقەمەنی و یاری ئاگرین، جگە لە مەترسی سووتان، دەبێتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ منداڵان و نەخۆشەکان، کە ئەمەش ڕووبەڕووی سزای یاساییت دەکاتەوە.


٢. بەرپرسیارێتی یاسایی لە کاتی گەشت و سەیراندا:
بەهۆی هاوکاتبوونی نەورۆز و ڕەمەزان، ڕووکردنە سەیرانگاکان چەند بەرامبەر دەبێت، بۆیە پێویستە هاووڵاتی بزانێت:
- زیان گەیاندن بە زەوی کشتوکاڵی: چوونە ناو زەوی و زاری هاووڵاتییان و جوتیاران بەبێ مۆڵەت و تێکدانی بەرهەمەکانیان، بەپێی یاسای شارستانی ماف دەداتە زیانلێدراو کە داوای قەرەبووی دادپەروەرانە بکات.
- ئاگرکەوتنەوەی بەئەنقەست یان کەمتەرخەمی: بەپێی یاسای سزادان، هەر کەمتەرخەمییەک لە کوژاندنەوەی ئاگری گەشتەکان کە ببێتە هۆی سووتانی درەخت، پووش و پاوان یان دارستانەکان، وەک تاوان دژی ماڵی گشتی ئەژمار دەکرێت.


٣. هۆشیاری لە کاتی کڕینی پێداویستییەکانی جەژن:
وەک هاووڵاتی، یاسای پاراستنی مافی بەکاربەر چەند مافێکی پێداویت تا نەبیتە قوربانی بازرگانی:
- مافی وەرگرتنی پسوولە: لە هەر کڕینێکی جەژندا داوای پسوولە بکە، چونکە تاکە بەڵگەی یاسایی تۆیە بۆ سەلماندنی کڕین و گەڕاندنەوەی کاڵا ئەگەر کێشەی تێدا بێت.
- سکاڵای یاسایی: ئەگەر هەستت کرد نرخەکان بە نایاسایی بەرزکراونەتەوە یان کاڵای ماوەبەسەرچوو دەفرۆشرێت، پەیوەندی بە لایەنە چاودێرییەکانەوە بکە؛ بێدەنگی تۆ ڕێگەخۆشکەرە بۆ پێشێلکاری زیاتر.

 

٤. سەرپێچییە یاساییەکانی هاتووچۆ لە جەژندا:
قەرەباڵغی شەقامەکان لە جەژندا نابێتە بیانوو بۆ پێشێلکردنی یاسا. ئەم خاڵانە سزای توندیان لەسەرە:
- لێخوڕینی بێ مۆڵەت: زۆرێک لە گەنجان لە جەژندا ئۆتۆمبێلی خێزانەکانیان دەبەن، ئەگەر مۆڵەتیان نەبێت، ئەمە تاوانە و ئۆتۆمبێلەکە دەستبەسەر دەکرێت.
- لێخوڕینی سەرکێشانە: ئەنجامدانی نمایشی مەترسیدار (پێشبڕکێ) لەناو شار و شوێنە گشتییەکان، سزای بەندکردن و غەرامەی لەسەرە.