International Workshop on (A Dialogue on the Kurdish Language)
  • 23-02-2026

International Workshop on (A Dialogue on the Kurdish Language)

کۆلێژی پەرستاری لە زانکۆی نۆڵج، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتی ڕێکدەخات.

 

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، کۆلێژی پەرستاری لە زانکۆی نۆڵج، وۆرک شۆپێکی نێودەوڵەتیی ئۆنلاینی لەژێر ناونیشانی "دیالۆگێک لەسەر زمانی کوردی" ساز کرد. ئەم وۆرک شۆپە لە ڕێکەوتی ٢٠٢٦/٢/٢٢ بە ئۆنلاین بەڕێوەچوو، کە لەلایەن (م. ڕەبیع ئیسماعیل خالد زێباری) ئامادەکاری وهەماهەنگی بۆ کرابوو.


وۆرک شۆپەکە میوانداریی بژاردەیەک لە ئەکادیمییانی پسپۆڕی کردبوو، کە لە پێشەنگیاندا (د. عوسمان ئەسڵان ئۆغڵو)، مامۆستای زمانی کوردی لە زانکۆی دیجلە لە باکووری کوردستان، و (م. حمد کریم گەردی)، مامۆستا لە کۆلێژی یاسای زانکۆی نۆڵج بوون. چالاکییەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان وقوتابیانی بەڕێز بەڕێوەچوو، کە بە کارلێک وبەشدارییە بەپێزەکانیان، وۆرک شۆپەکەیان دەوڵەمەند کرد.
وۆرک شۆپەکە چەند تەوەرێکی جەوهەریی گرتە خۆ، کە لە دەوری چەمکی زمانی دایک وگرنگییەکەی لە داڕشتنی ناسنامەی ڕۆشنبیری وشارستانیی گەلاندا دەسوڕایەوە، جگە لە ناساندنی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک وڕەهەندەکانی. هەروەها تیشک خرایە سەر واقیعی زمانی کوردی لە باکووری کوردستان وئەو تەحەددییانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە، لە چاو دۆخی زمانەکە لە هەرێمی کوردستان وپارچەکانی دیکەی کوردستان.
وۆرک شۆپەکە بە کۆمەڵێک ڕاسپاردەی گرنگ کۆتایی هات، کە میکانیزمە پراکتیکییەکانی پاراستن، گەشەپێدان و برەودان بە زمانی کوردی لەخۆگرتبوو؛ ئەویش لە ڕێگەی چالاکیی کاریگەر لەسەر ئاستی تاک، نوخبە و دامەزراوەکان، بە جەختکردنەوەی تایبەت لەسەر لایەنی یاسایی و چۆنیەتی کاراکردن و جێبەجێکردنی دەق و بڕگە یاساییەکان کە پارێزگاری لە فەرمیبوونی زمانی کوردی و ڕێزگرتن لێی دەکەن، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان، جگە لە تاوتوێکردنی ڕێگاکانی مامەڵەکردنی واقیعییانە لەگەڵ دۆخی زمانی کوردی لە باکووری کوردستان و پارچەکانی دیکە.


لە کۆتایی وۆرک شۆپەکەدا، دەرگای پرسیار وگفتوگۆ بۆ بەشداربووان واڵا کرا؛ ئامادەبووان بە ئاراستەکردنی پرسیار وسەرنجەکانیان بەشدارییان کرد ولەلایەن هەردوو میوانی وانەبێژەوە، بە شێوەیەکی تێروتەسەل وهەمەلایەنە وەڵام درانەوە. ئەمەش کەشێکی کارلێکی بونیاتنەری بە وۆرک شۆپەکە بەخشی وبەها زانستی وڕۆشنبیرییەکەی بەرزتر کردەوە.