World Child Day
١ی حوزەیران: باوەشێکی یاسایی بۆ پاڵەوانە ونبووەکان لە نێوان شەقام و شاشە و خانەی بێسەرپەرشتاندا
ئامادەکردنی: تریفە علی عثمان– قوتابی بەشی یاسا
لە ١ی حوزەیراندا جیهان پڕ دەبێت لە وێنەی منداڵانی بەختەوەر زۆربەی منداڵان لەم ڕۆژەدا بە دیاری و ئاهەنگ دەورەدراون بەڵام لە گۆشەیەکی تاریکی ئەم شارەدا منداڵانێک هەن کە تەنها یاسا شک دەبەن، ئەوانەی کە لە دەفتەری هیچ خێزانێکدا ناویان نووسراو نییە و لەبری باوەشی گەرمی دایکیان لە نێوان چوار دیواری ساردی خانەکان و شەقامەکاندا چاوەڕێی سۆزێکی ونبوو دەکەن،وەک قوتابیانی یاسا ئەرکی ئێمەیە لەم ڕۆژەدا تەنها پیرۆزبایی نەکەین بەڵکو پەردە لەسەر برینی ئەو (پاڵەوانە بچووکانە) لادەین کە قەدەر بێسەرپەرشتی کردوون:
تەوەری یەکەم: پاراستنی منداڵانی بێسەرپەرشتیار
١- پاراستنی ناسنامە:
دەوڵەت پابەندە بە دابینکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکان و پێویستە ياسا ببێتە دایک و باوکی ڕاستەقینەیان و ناسنامەیەکیان پێ ببەخشێت تاوەکو لە مافی خوێندن و ژیانێکی شایستە بێبەش نەبن.
٢-پاراستنی سەروەت و میرات:
ئەو منداڵانەی بەهۆی کۆچی دوایی باوانیانەوە میراتێکیان بۆ دەمێنێتەوە، یاسا لە ڕێگەی (بەڕێوەبەرایەتی چاودێری ناکامەکان) ڕێگە نادات هیچ کەسێک تەنانەت (وصي) یان خزمە پلە یەکەکانی وەک (باپیر و مام)یش دەستکاری دارایی ئەو منداڵە بکەن بەبێ ڕەزامەندی و چاودێری دادوەر تا دەگاتە قۆناغی تەواوی شیاوێتی (الأهلية).
٣- سیستەمی گرتنەخۆ (الاحتضان):
پرۆسەی سپاردنی منداڵ بە خێزانی جێگرەوە تەنها گواستنەوەی منداڵ نییە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بەڵکو سپاردنی ئەمانەتێکی مرۆییە کە لەژێر چاودێری و ڕێکاری توندی دادگادایە تا ڕێگری بکات لە هەر هەوڵێکی بازرگانیکردن یان خراپ بەکارهێنانی منداڵ لە ژێر ناوى(هاوکاری).
٤- پاراستن لە توندوتیژی و گێچەڵ:
داواکاری گشتی بەپێی یاسا وەک پارێزەری کۆمەڵگە کاردەکات و ڕاستەوخۆ ڕێکاری یاسایی دەگرێتەبەر بۆ سزادانی هەر کەسێک کە توندوتیژی (جەستەیی-دەروونی یان گێچەڵ) بەرامبەر ئەم منداڵانە ئەنجام بدات.
٥-قۆناغی دوای ١٨ ساڵی:
لە دوای گەیشتنە تەمەنی یاسایی و جێهێشتنی خانەکان ئەرکی دەوڵەت و کەرتی تایبەتە کە لە ڕێگەی دابینکردنی کار، نیشتەجێبوون و پاڵپشتی داراییەوە گەرەنتی تێکەڵبوونیان بە کۆمەڵگە بکەن.
٦-مافی هاوسەرگیری و ئینتیمای کۆمەڵایەتی:
نەبوونی کەسوکار نابێت ببێتە ڕێگر لەبەردەم پێکهێنانی خێزان، یاسا وەک (وەلی ئەمری شەرعی و یاسایی) پاڵپشتییان دەکات و ئەرکی کۆمەڵگەیە کە بە ڕێزەوە ئامێزیان بۆ بکاتەوە و ڕێگری بکات لە هەر جۆرە جیاکارییەک بەرامبەریان.
تەوەری دووەم: توندوتیژیی دیجیتاڵی و سۆشیاڵ میدیا
جۆرێکی نوێ لە بێسەرپەرشتیار بوون سەری هەڵداوە ئەویش (بێسەرپەرشتیی دیجیتاڵی)یە، زۆرجار دەبینین منداڵان لە ناو باوەشی دایک و باوکیاندان بەڵام ژیانی تایبەتیان لەسەر سۆشیاڵ میدیا بۆ لایک و فۆڵۆو بازرگانی پێوە دەکرێت با ١ی حوزەیران تەنها بۆ ئاهەنگ گێڕان نەبێت بەڵکو بۆ پاراستنی منداڵان بێت لەو شاشانەی بازرگانیان پێوە دەکەن:
١- مافی تایبەتمەندی :
هەر منداڵێک مافی هەیە ژیانێکی تایبەتی هەبێت بڵاوکردنەوەی وێنەی منداڵ (خواردن-گریان-نەخۆشی یان وێنەی نەشیاو) لەلایەن دایک و باوکەوە پێشێلکردنی مافی تایبەتمەندی منداڵە، منداڵ خاوەنی جەستە و وێنەی خۆیەتی نەک داراییەکی خێزانی کە بۆ ڕیکلام بەکاربهێنرێت.
٢- چەوساندنەوەی بازرگانی:
ئەو دیاردە مەترسیدارەی کە دایک و باوکان منداڵەکانیان دەکەنە (بلۆگەر یان مۆدێل) بۆ پەیداکردنی پارە، لە ڕوانگەی (یاسای کار)ەوە ئەمە جۆرێکی تری (کارپێکردنی منداڵە) بەڵام لە فۆرمێکی دیجیتاڵیدا، کە تێیدا منداڵەکە بۆ بەرژەوەندییەکی دارایی دەچەوسێنرێتەوە کە خۆی بڕیاری لەسەر نەداوە.
٣- توندوتیژیی دەروونی و لێکەوتە داهاتووەکان:
بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی منداڵ لە کاتی گریان یان سزا و گاڵتەپێکردن بە مەبەستی کۆمێدی جۆرێکە لە توندوتیژیی دەروونی، ئایا کاتێک ئەم منداڵە گەورە دەبێت چ هەستێکی دەبێت کە دەبینێت هەموو لاوازییەکانی سەردەمی منداڵی لەبەردەم ملیۆنان کەسدا پیشان دراوە؟ ئەمە بریندارکردنی شکۆی مرۆڤە لە داهاتوودا (الاعتداء على الكرامة المستقبلية).
تەوەری سێیەم: چەوسانەوەی ئابووری (منداڵانی ترافیک)
١-سواڵپێکردنی منداڵ :
لە کاتی ئاهەنگەکاندا نابێت ئەو منداڵانە لەبیر بکەین کە لە ناو تریفەی خۆر و دووکەڵی ئۆتۆمبێلەکاندا ناچار بە سواڵکردن دەکرێن، زۆرجار ئەمە بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ وەک (تاوانێکی ڕێکخراو) سەیر دەکرێت پێویستە خەڵک هۆشیاربن کە بەخشینی پارە بە منداڵی سەر ترافیک هاوکاری نییە بەڵکو هاندانی ئەو تۆڕانەیە کە بازرگانی بە بێتاوانی ئەوانەوە دەکەن.
٢-تاوانی کارپێکردنی منداڵ :
شوێنی منداڵ قوتابخانەیە نەک کارگە و پیشەسازییە قورسەکان (یاسای کار) سزای توندی ئەو خاوەنکارانە دەدات کە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی دەچەوسێننەوە کارپێکردنی منداڵ کوشتنی بەهرە و داهاتووی نەوەیەکی تەواوە.
٣-بەرپرسیارێتیی دەوڵەت و دەسەڵاتی جێبەجێکردن:
ئەرکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و پۆلیسە کە چاودێریی وردی شەقامەکان بکەن، یاسا تەنها بۆ نووسین نییە بەڵکو بۆ جێبەجێکردنە، هەر منداڵێک لەسەر ترافیکەکان دەبینرێت بەڵگەیەکی زیندووە لەسەر کەمترخەمی لە جێبەجێکردنی یاساکانی پاراستنی منداڵ و دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕووبەڕووی لێپرسینەوە ببنەوە.