Message of the University President to the 73rd Anniversary of the Establishment of the Kurdistan Democratic Students and Youth Union
  • 18-02-2026

Message of the University President to the 73rd Anniversary of the Establishment of the Kurdistan Democratic Students and Youth Union

بەناوی خودای گەورەو میهرەبان

قوتابیانی ئازیزو لە دڵاشیرین...

ئەندامانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان...

زۆر خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم کە ئەمڕۆ لە رۆژێکی مێژوویی و پڕشنگداردا، بەشداری لە ئاهەنگی ساڵیادی رۆژی دامەزراندنی یەکێتی قوتابیان و لاوانی کوردستان دەکەم، ئەو رۆژە لە هەموو قوتابی و لاوێکی کوردستان بە گشتی و قوتابیان ولاوانی زانکۆکەمان، زانکۆی نۆڵج پیرۆز دەکەم، چونکە ئەمڕۆ رۆژی ئێوەو رۆژی قوتابیان و لاوانی کوردستانە، هەروەها پیرۆزبایی لە یەکە یەکەی ئەندامانی یەکێتی قوتابیان و لاوانی کوردستان دەکەم.

خۆشەویستان..

لای هەمووان ئاشکرایە، یەکێتی قوتابیان و لاوانی کوردستان لە رۆژی ١٨ی شوباتی ساڵی ١٩٥٣ بەر لە (٧٣) ساڵ لەسەر دەستی پێشەواو رابەری گەلی کورد مەلا مستەفای بارزانی نەمر دروستکراوە، بە ئامانجی بەرگریکردن لە مافە پیشەییەکانی توێژی قوتابیان و لاوان و  بڵاوکردنەوەی رۆحی نەتەوەیی و گیانی نیشتیمانپەروەری لە نێو ئەو توێژەدا، ئەو ئامانجەی بۆى دامەزراوە، حەفتاو سێ ساڵە لەسەر ئەو رێگەو رێبازە لای نەداوەو بەردەوامە لە پارێزەرایەتی توێژەکەیان، ئەمڕۆش لە کاتێکدا بەشداری لەو بۆنە خۆشه دەکەین، رۆژانی گەنجی و وێستگەکانی ژیانی قوتابییەتیمان دێنێتەوە یاد، کە هاوشێوەی ئێوە لە ریزەکانی ئەو رێکخراوەدا  بەوپەڕی جۆش و خرۆشەوە کارمان کردووە بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی هاوپیشەکانمان، لە هەمان کاتدا بەوپەڕەی دڵسۆزییەوە پابەندی هۆڵەکانی خوێندن و کۆششکردن بووین لە خوێندن، چونکە ئەندامی ئەو رێکخراوە بە بەراورد بە قوتابی و لاوەکانی دیکەی هاوپیشەیان، ئەرکی قورستریان لە ئەستۆدایە و جیاوازن لە قوتابی ئاسایی، ئەویش خۆی لەو ئەرکە پیرۆزانە دەبینێتەوە: 

1. پارێزەرایەتیکردن بۆ داکۆکی لە مافە پیشەییەکانی قوتابیان و لاوان.

بڵاوکردنەوەی بیرو رۆحی نیشتیمانپەروەری و بەرگریکردن بە قەڵەم لە خاکی پیرۆزی کوردستان.

بڵاوکردنەوەی هەستی نەتەوەیی و چاندنی هزری کوردایەتی لە نێو گەنجانی هەموو پارچەکانی کوردستان تا ئەگەر له ئێستادا بەهۆی بارودۆخی سیاسی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەوە دەوڵەتی کوردستان دانپێنەنراونه بیت، ئەوا لە دڵی هەموو گەنجێک ئەو خەونە دروست بکەن.

 بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگە پارێزی و خۆشەویستی خاکی کوردستان.

بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان و بڵاوکردنەوەی  هۆشیاری بۆ دوورکەوتنەوە لەم بابەتە.

کۆششکردن لە خوێندن بە مەبەستی ئەوەی لە دوارۆژدا بەرزترین بڕوانامە بەدەستبهێن تا بتوانن خزمەتی کوردستانی خۆشەویستی پێبکەن.

 ئەوەش بە چاوی خۆمان دەبینین زۆرینەی هەرە زۆری بەرپرسانی باڵای ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی(سەربازی- حیزبی- حکومی- زانکۆیی) تەنانەت بەشێکی ئێجگار زۆری خاوەن بڕوانامە بەرزەکان لەسەر ئاستی زانکۆکانی کوردستان، لە قوتابخانەی یەکێتی قوتابیان و لاوانی کوردستانەوە پەروەردەبوونەوو کاریان کردووە، بۆیە ئەو قوتابخانەیەی ئەمڕۆ ئێوە کاری تێداکەن فێری زۆر شتتان دەکات لەسەرووی هەموویانەوە بوون بە سەرکردە، ئەوەی لەو رێکخراوە کار بکات و دڵسۆزانە خزمەتی دەووروبەری بکات، ئەوا لە ئایندەدا دەبێتە یەکێک لە سەرکردە دیارو بەرچاوەکانی کوردستان و خزمەت بە گەل و نیشتیمان دەکات و رۆڵی کاریگەرانەی دەبێت وەک خزمەتكاری کوردستان.

 

قوتابیانی خۆشەویست..

رۆژی ١٨ی شوبات، تەنها یادی رێکخراوی یەکێتی قوتابیان و لاوانی کوردستان نییە، بەڵکو ئەو رۆژە، بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان بۆتە رۆژی قوتابیان و لاوان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، کەوایە ئەو رۆژە پیرۆزە، رۆژی هەموو قوتابی و لاوێکە، هیوادارین هەموو ساڵێک لە سایەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ژێری ئاڵای پیرۆزی کوردستان ئەو رۆژە پیرۆز بکەن و بەوپەڕی جۆش و خرۆشەوە ئاهەنگ بگێڕن، دەبێت ئەوەش لە یاد نەکەن، ئەو رۆژە بکەن بە رۆژی بە خۆداچوونەوە بۆ خزمەتکردنی توێژی قوتابیان و لاوان و کۆششکردن لە خوێندن، چونکە دوارۆژی کوردستان لەسەر دەستی ئێوە پێشدەکەوێت و ئاوەدان دەکرێتەوەو سەردەکەوێ، ئێوە داینەمۆی هەموو شۆڕش و راپەڕین و سەرهەڵدانیک بوونە لە رابردوودا، ئەمڕۆش لە سایەی ئاڵای کوردستان دەبێت ببنە ژیلەمۆی شۆڕشی ئاوەدانی و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان و ببنە سەرمەشقی داهێنان لە زانکۆکاندا، دەبێت ببنە پێشەنگ بۆ نوێگەری و تازەگەری، ئەوەش بناغەی سەرکەوتنی ستراتیژی هەر توێژو نەتەوەیەکە.

 

لە کۆتاییدا جارێکی دیکە، پیرۆزباییتان لێدەکەم، ئاواتەخوازم ئەو رۆژە بقۆزنەوە بۆ بەردەوامیدان بە خوێندن و پاڵپشتیکردنی ستافی کارگێڕی و ئەکادیمی زانکۆمان تا بەیەکەوە بتوانین ئەو زانکۆ جوانەو ئاست بەرزەی نۆڵج لە شاری هەولێری قەڵاو منارە زیاتر پێشخەین، تا لە زانکۆکەی خۆتان، زانینی تازە، داهێنانی سەردەمیانە دروست بکەین و ببینە سەرمەشقی زانکۆ کوردستانییەکان و عێراقی و جیهانییەکان بێگومان ئەوەش بە هەوڵ و کۆشش و داهێنانە زانستییەکانی ئێوەی ئازیز دەکرێت و دەبێت شان بە شانی مامۆستاکانتان زانکۆ پێشەوە ببنەن.

هەر شادو بەختەوەر بن، کوردستان ئاوەدان و ئارام بێت

رۆژی قوتابیان و لاوان لە هەموو لایەک پیرۆزبیت

 

بژى كورد بژى كوردستان شه كاوه بيت ئالاى كوردستان

سه ربه رزى و نه مرى بو شه هيدان له سه رويانه وه بارزانى نه مرو كاكه ادريس هه ميشه  له ياد.

ئێوه ش هه ر شادو سه ركه وتووبن

 

پ.د.احمد انور دزەیی

ســـــەرۆکی زانکـــــۆی نــۆڵــــج

١٨ی شوباتی ٢٠٢٦